سەردێڕ:

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: کاری سەرۆککۆمار نییە لایەنەکان رازی بکات

فۆتۆ: 
2021-06-13

4757 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، دەکرێت سەرۆککۆماری عێراق لە پرسێکدا لایەنێکی دیاریکراوی نیگەران کردبێت، بەڵام کاری ئەونییە لایەنەکان رازی بکات، دەشڵێت، "یەکێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار نابێت."


شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "سەرۆککۆماری عێراق پارێزەری دەستورە و دەسەڵاتەکانی دیارە و دەکرێت لە پرسێکدا لایەنێکی دیاریکراوی نیگەران کردبێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردەر دەستور و پارێزگاریکردنە لەدەستور."

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشداوە، "یەکێتیش نیگەرانە لە ئەدای لایەنەکانی دیکە لەو شوێنانەی بەدەستیانەوە بووە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانین عێراق بینا بکەینەوە."

لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە کورد شێرکۆ میروەیس وتی، "پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونە، بووەتە بنەما لە عێراقدا، ئەو مقۆ مقۆیانەی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لە کورد دروستبوون، پەیوەندی بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن و هەندێک لایەنەوە هەیە، بە تایبەت هەندێک لایەن لە دۆخی خۆیان نیگەرانن و رەنگە پەیامی تریان هەبێت و بیانەوێت بیگەیەنن."

ئەوەشی خستەڕوو، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتییە، بۆیە دەستبەرداری نابن.

دوێنێش، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لایەنە عێراقییەکان دۆستیانن، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێکی عێراقی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەشڵێت، "دەبێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ یەکێتیی بێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و چەند تیمێکی نێودەوڵەتیش بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە دێنە عێراق، هەر لە ئێستاشەوە لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە جموجوڵەکانیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنەکەدا.

یەکێتی؛ لە هەرێمدا یەکێکە لە حزبە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەت و پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکی حکومەت و شەش وەزیر و چەندین بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی هەیە، هاوکات، لە بەغداش پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و چەند پۆستێکی دیکەی هەیە.

ک. ئـ

ئـ. بـ