سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کەم دەکەینەوە

فۆتۆ: 
2021-06-13

944 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی جێبەجێکردنی سێ پرۆژەوە بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کەمدەکەنەوە، دەشڵێت، "لە یەکێک لە پرۆژەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالیتی بەرزە."


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق کەمدەکەنەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، سێ پرۆژە جێبەجێ دەکەن لە پاڵاوگەی ناوەڕاست و پاڵاوگەی دۆرە و یەکێک لە پرۆژەکانیش کردنەوەی یەکەیەکی نوێ دەبێت، کە بە بڕێکی زیاتر بەنزینی ئۆکتانی بەرز بەرهەمدەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێکی دیکە لە پرۆژەکان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی هایدرۆجین دەبێت، کە بەشداری دەکات لە بەرهەمهێنانی بەنزین و چەند بەرهەمێکی دیکەدا.

باسی لەوەشکردووە، ئەو پرۆژانە بەشداری دەکەن لە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بە رێژەی ٥٠% بەرهەمیان دەهێنێت و پێداویستی ناوخۆیی دابین دەکەن.

عێراق؛ داهاتی سەرەکی لە رێگەی نەوتەوە بەدەستدەهێنێت و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی رابردوودا زیانی بە ئابوری وڵاتەکە گەیاند، لە کاتێکیشدا، مستەفا کازمی کابینەکەی پێکهێنا رایگەیاندبوو، کار بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی ئابوری دەکەن جگە لە نەوت.

ک.ئـ

ئـ. بـ