بەرەی تورکمانی لە کەرکوک لە بارەی گۆڕانکاریەکانی لقی کەرکوکی کۆمسیونی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری دەدات و داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بەیەک دووری مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو شارە بکات.
ئەمڕۆ شەممە، بازنەی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لابردنی بەڕێوەبەرێکی کورد و دانانی کوردێکی دیکە لەشوێنی نارەزایی زۆری لای پێکھاتەی تورکمان دروست کردوە.
لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دانانی کەسێک لە بەشی کارگێڕی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی لەلایەن پێکهاتەیەکەوە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمسیۆنەوە ئەمە خواردنی مافی پێکهاتەی تورکمانییە.
بەگوێرەی راگەیانراوەکەی بەرەی تورکمانی، سەردانی کردنی پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نوسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک بە پێدانی شەرعیەت بە دەست بەکاربوونی ئەو بەڕێوەبەرە دادەنێت.
دەشڵێت، هەڵبژاردنی داهاتوو چارەنوس سازە و بۆ ئەوەی دەربڕی ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بێت و تەنها لە بەرژەوەندی لایەنێک نەبێت، دەبێت ئەم جۆرە هەنگاوانە نەدرێن، چونکە ئەمە لەبەرژەوندی لایەنێک تەواودەبێت و ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.
هاوکات، لەلایەن خۆیەوە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "بینیمان لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ چ تەزویرێک لە ھەڵبژاردنەکاندا کرا، کۆمسیونیش بەشێکە لەو ھۆکارە و نەیتوانیوە وەک پێویست رۆڵی ھەبێت".