دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، دوو ئەفەسەری گومرگ بە پلەی عەمید لەسەر تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی ئاشکرایکرد لە پارێزگای بەسرە توانیویانە بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری ئوم قەسری باکور کە پلەی عەمیدە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیربکەن.
بەڕێوەبەرەکە بڕێک پارەی بەرامبەر ئاسانکاری کردن بۆ بارهەڵگرەکان وەرگرتووە لە دەروازەکە بەشێوەی نایاسایی بارەکانیان ببەنە ئەو دیو دەروازەکەوە.
دەشڵێت، لەکاتی پشکنین و گەڕاندا لە ژورەکەی خۆیدا دەست بەسەر بڕێک پارەدا گیراوە، بەڵام دەستەی دەست پاکی بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا نەکردووە کە دەستی بەسەردا گیراوە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی ئاشکرای کرد، سەرۆکی لیژنەی وردبینی مامەڵە گومرگییەکانی نێوان دەروازە سنورییەکانی دەستگیرکردووە کە پلەی عەمیدی هەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستەکە لەکاتی گەڕان و پشکنینەکاندا لەناو سەتڵی خۆڵی ژوورە تایبەتییەکەی خۆی لە نوسینگەیەکەیدا دەستیان گرتووە بەسەر بڕێک پارەدا، بەڵام کاتێک پرسیاری لەبارەی سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیەوە لێکراوە نکولی لێکردووە ئاگاداری بووبێت کێ و لە کوێوە ئەو بڕە پارە هێناوە ژوورەکەی.
دەستەی دەستپاکی بسی لەوەشکردووە، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری دەروازەکە و سەرۆکی لیژنەی وردبینیەکەش لە سەر داوا و بە بڕیاری دادوەربووە و دواتر هەردووکیان رەوانەی دادگا کراون.