دوای بریارەكەی بانكی ناوەندی عێراق بەزیادكردنی بڕی دۆلار بۆ بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەمڕۆ نرخی دۆلار بەبڕی ٧٥٠ دینار لەھەر ١٠٠ دۆلارێكدا دابەزی.
دوا ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لەنوسراوێکدا باسی لەوەکردووە، بڕیاریدا بڕی دراوی بیانیی زیاتر بخاتە بازاڕەوە بۆ بانک و کۆمپانیاکان، لەپێناو دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەدەستهێنانی چەند ئامانجێکی سیاسیی ئابووری، ئەمڕۆ نرخی دۆلار بۆ ١٥٠ هەزار دابەزی.
تایبەت بە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە هەرێمدا، شارەزایەکی دراو لە بازاڕی دۆلارەکە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ دەوام نییە هێشتا گۆڕانکارییەکانی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراقی لەهەرێم دەرنەکەوتووە.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بەجۆرێک کە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزترین نرخ تۆماربکات و لە ئێستادا بگاتە ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.