چاوگێکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، پاش هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد و سەربازگەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چاوگێکی ئەمنی عێراقییەوە باسی لەوەکردووە، هێزەکانی ئەمریکا پێشبینیی هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان لە عێراق دەکەن، تایبەت بەو بابەتەش زانیاری تەواو لەبەردەستدایە.
ئەو چاوگە ئەوەی وتووە، حاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی ئەمریکا تەنها باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکەی عەین ئەسەد ناگرێتەوە، بەڵکو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو، هێرشی موشەکی کرایەسەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو.
هەر لە شەوی رابردوودا، سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیانکردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و یەکێک لە فڕۆکەکانیش خرایەخوارەوە.
لە ماوەی رابردووشدا، لە عێراقدا بنکە و بارەگە سەربازیی و دیپلۆماسییە بیانییەکان بەتایبەتی ئەمریکا روبەڕوی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بوونەتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبارکردووە.
نـ. غـ