بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق رایگەیاند، قەیرانی ئابوری لە عێراق هێشتا ماوە و کۆتایی نەهاتووە، دەشڵیت، ئامادەن بە مەرج لە رووی داراییەوە هاوکاری عێراق بکەن.
رەمزی نوعمان پەیکی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق بە رۆژنامەی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، مەرجی پێدانی قەرز بە بەغدا ئەوەیە حکومەتی ئەو وڵاتە بە فەرمی لەو بارەیەوە داوایان لێبکات، دەشڵێت، تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ داوایەکی نوێی بۆ قەرز وەرگرتن پێشکەش بەوان نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەغدا داوا بکات ئامادەن بۆ گفتوگۆ چونکە ئەوان هاوبەشی عێراقن و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بۆ ئەوان گرنگە.
راشیگەیاندووە، بە دووری دەزانن لە ماوەیەکی کورتدا عێراق بتوانێت قەیرانەکانی تێپەڕێنێت، کە بەشێکیان وەک میرات بۆی ماوەتەوە و بەشێکیشیان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا سەریهەڵداوە.
رەمزی نوعمان باسی لەوەشکردووە، بانکی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە دابینکردنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنادا هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات.
پێشتریش، راوێژکارێکی مستەفا کازمى رایگەیاندبوو، قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق گەیشتوونەتە ١١٣ ملیار دۆلار.