بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لە ئازادکردنی قاسم موسلیح فەرماندە دەستگیرکراوەکەی حەشدی شەعبی فشار لەسەر سیستەمی دادوەری عێراق کراوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چاوگێکی فەرمی حکومەتی عێراقەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کە حکومەتی عێراق بە تەواوی بەڵگەی پێویستی بۆ ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی قاسم موسڵیح کراوە لەبەردەستدا بووە، بەڵام ئەوە سیستەمی دادوەرییە بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە بەهۆی ئەو فشارانەی کە لەسەری بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەڵگەکان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی قاسم موسلیح و باندەکانی رفاندن، وتەی ئەو قوربانیانەی کە بەدەستی قاسم موسلیح زیانمەندبوون، ئەو نامە هەڕەشانەی کە ئاڕاستەی خێزان و کەسوکاری قوربانییەکان کراوە لەخۆدەگرێت.
رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو، دژە تیرۆری عێراق بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگا و یاسای روبەڕوبوونەوەی 'تیرۆر' و تۆمەتی کوشتنی چالاکوان و خۆپیشاندەران قاسم موسلیحیان دەستگیرکرد و ئەم بڕیارەش توڕەیی بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەدواداهات و بۆ ماوەیەکی کاتی دەروازەیەکی ناوچەی سەوزی بەغدایان کۆنتڕۆڵکرد تا بڕیاردرا فەرماندەکە رادەستی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بکرێتەوە و دوێنێش، قاسم موسلیح فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی دادوەر ئازادکرا.
ن. غـ