سەردێڕ:

شەوی رابردوو لە فڕۆکەخانەی بەغدا چی روویدا؟

فۆتۆ: 
2021-06-10

8896 جار خوێندراوەتەوە

شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و یەکێک لە فڕۆکەکانیش خراوەتە خوارەوە، ھاوکات، هیچ لایەنێک تا ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆنەگرتووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکی شانەی ئەمنی عێراقدا هاتووە، "لە درەنگانێکی شەوی رابردوودا لە رێگای سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایەسەر فڕۆکەخانەی بەغدا."

شانەی ئەمنی عێراق بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەبکات ئەوەی خستووەتەڕوو، بەدوای بکەران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەدا دەڕۆن و تەواوی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەخەنەگەڕ.

هاوکات، هیچ لایەنێک تا ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆنەگرتووە.

ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک دێت، لە هێرشی سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین کە بە سێ موشەک کرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو.

لەماوەی رابردووشدا، لە عێراقدا بنکە و بارەگە سەربازیی و دیپلۆماسییە بیانییەکان بەتایبەتی ئەمریکا روبەڕووی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بوونەتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبارکردووە.

ن. غ