سەردێڕ:

کازمی: سەرکەوتوبووین لە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عێراق

فۆتۆ: 
2021-06-08

1385 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرکەوتووبوون لە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عێراقدا، دەشڵێت، "پلانی چاکسازی ئابوریمان داناوە."


بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە، وێرای ئاڵنگاریی گەورە، بەڵام توانیویانە ھەنگاوی گرنگ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بنێن و عێراقیش لە قەیرانی ئابوریی و دارایی رزگار بکەن.

راشیگەیاندووە، "لەئێستادا بە جددی ھەوڵ دەدەین بە دانانی پلان، عێراق بخەنەوە سەر رێگای راست"، دەشڵێت، "دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتدا، دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق دەتوانێت رۆڵی شارستانی خۆی لە جیھاندا بگێرێت."

مستەفا کازمی باسی لەوەشکردووە، "سەرکەتوبووین لە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عێراق و لەئێستادا پەیوەندییەکی ھاوسەنگمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، ھەرێمی و نێودەوڵەتییدا ھەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وێرای ھەبوونی ئاستەنگ و ئەو ئەرکە قورسەی لەسەر شانمانە، بەڵام لەو باوەڕەداین کە بەرەو پێشچوونی گەورەمان لە ژمارەیەک دۆسیەدا بەدەستھێناوە، گوێ بەو دەنگانە نادەین کە مەبەستیانە زیان بە ئەرکەکانی حکومەت بگەیەنن بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە گورز لە بەرژەوەندییەکانیان وەشێندراوە، چونکە ئێمە بەرژەوەندی عێراقمان خستووەتە سەرووی ھەموو خواست و بەرژەوەندییەکەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵێک بەسەر کابینەکەی مستەفا کازمیدا تێپەڕێوە و شەقامی عێراقی بەسەر لایەنگران و دەنگە ناڕازییەکاندا دابەشبوون.