سەردێڕ:

سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى عێراق: هیچ رێککەوتنێک نیە رێگا بداتە تورکیا بنکە لەخاکی عێراق دابنێت

فۆتۆ: 
2021-06-08

4505 جار خوێندراوەتەوە

لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى لەپەرلەمانی عێراق، بانگهێشتنى به‌غدا و هه‌ولێرى كرد بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانزمى رێگریكردن له‌ له‌شكركێشییه‌كانى توركیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان.


محه‌مه‌د ره‌زا ئال حه‌یده‌ر سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى لە پەرلەمانی عێراق، له ‌لێدوانێكدا بۆ ئێن ئاڕتی رایگەیاند، "لایه‌نى توركى بنكه‌ى به‌قووڵایی ١٥كێلۆمه‌تر له‌ خاكى عێراق به‌ ئاڕاسته‌ى باشیك درووستكردووه".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌شی به‌وه‌شدا، "لیژنەکەیان سه‌ردانى زاخۆ و ئامێدى ده‌كات بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به ‌بۆردومانه‌كه‌ى ئه‌م دواییه"‌.

محەمەد رەزا روونیشیكرده‌وه، ‌"هیچ لێكتێگه‌یشتنێك له ‌نێوان عێراق وتوركیا نیه‌ كه‌زه‌مینه‌ ساز بكات بۆ دروستكردنى بنكه‌ى سه‌ربازى له‌نێو خاكى وڵات".

داواشیکرد، "‌به‌غدا و هه‌ولێر له ‌سه‌ر میكانیزمێک رێککەون بۆ رێگریكردن له ‌له‌شكركێشییه‌كانى توركیا ".

هاوکات، لەلایەن خۆیەوە عەباس سروت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرای کرد، "هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کراوە بۆ بڵاوەپێکردنی هێزێکی هاوبەش لەو ناوچانەی بەردەوام سوپای تورکیا دەچێتەناویان لەوانەش شنگال و کەرکوک و زاخۆ".

لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار تورکیا هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بیانوی تورکیا لەم کارەشی بوونی هێزەکانی پەکەکەیە لەو ناوچانەدا، لەو چوارچێوەیەشدا ئۆپراسیۆنەکانی چنگی پڵنگ و چنگی بروسکە و چنگی تریشقەی ئەنجامداوە. پێشتریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، "شەوێک بە بێدەنگی دێینە شنگال"، لە چەند رۆژی رابردووشدا ئاشکرای کرد، "دێنە ناو مەخمورەوە".