سەردێڕ:

ئەنفلۆنزای باڵندە لەعێراق تەنگی بە کێڵگە پەلەوەرییەکان هەڵچنیوە

فۆتۆ: 
2021-06-06

1020 جار خوێندراوەتەوە

میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار مریشك لە کێڵگەی پەلەوەرییەکانی پاریزگای بەسرە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە مرداربوونەوە.


صاڵح حسێن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای زوبێر سەر بە پارێزگای بەسرا بە میدکانی راگەیاند، ئەنفلۆنزای باڵندە لە کێڵگە پەلەوەریەکاندا بڵاوبووەتەوە و زیانێکی زۆری بە کێڵگەکان گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار مریشك مردوون.

ئەوەشی خستوتەڕوو، پێویستە خاوەن کیڵگە پەلەوەرییەکان ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بن چونکە زیانێکی زۆریان پێدەگات.

لەو بارەیەشەوە، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "توانیمان کۆنتڕۆلی سەرچاوەی ڤایرۆسی باڵندەکان بکەین و لە شارەکانی بەغدا و ئەنبار و واست هەزارەها مریشکی ڤایرۆساویمان لەناوبرد، بەڵام لەشاری بەسڕە هێشتا ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووە دواتریش ئاماری فەرمی بڵاودەکەینەوە."

هاوکات، ریاز محەمەد وتەبێژی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە شاری بەسڕە رایگەیاند، زیاتر لە ٤٥ هەزار مریشکیان لە کێڵگەی پەلەوەرەکان لە شارۆچەکەی زوبەر لەناوبردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا چەند کێڵگەیەکی دیکەش لە ناودەبرێن.

لە ساڵانی رابردوودا دووجار نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، كە یەكەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦دابوو لە گوندی سەركەپكان و لە ساڵی ٢٠١٦ لە كێلگەیەكی پەلەوەر لە دهۆك تۆماركرا، بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكەش لەو کاتەدا، تەواوی پەلەوەرەكانی ئەو كێڵگەیە لە ناوبران.

لە ساڵی ٢٠١٨، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار زەرەریانکردووە و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانیش پشکی شێریان بەرکەوتووە.