سەردێڕ:

لەبارەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە؛ کازمی و بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

فۆتۆ: 
2021-06-05

4982 جار خوێندراوەتەوە

بارەگای بارزانی رایگەیاند، مستەفا کازمی پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە کردووە و ئەوەش هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا.


لە راگەیاندراوێکدا بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، مەسعەد بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مستەفا کازمیسەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشتووە و "لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی وەزیرانی عێراق، هێرشی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە شەرمەزار کردووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بارزانی گەیاندووە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە پێناو پاراستنی سنورەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە و رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک."

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە ی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، هێزێکی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی (پەکەکە)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون."

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو هێزەی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی کەوتوونەتە بۆسەکەوە.

هاوکات، میدیاکانی پەکەکە راگەیەنراوێکی هەپەگەیان بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداری دەدات بە پارتی و دەڵێت، "داوا لەو هێزانە دەکەین کە لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خوشک و برا نەڕێژن، بۆیەش داواکەمان ئاراستەی گەل و هێزەکان دەکەین."

پێشتریش میدیاکانی پەکەکە بڵاویانکردبووەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە ئامێدی و مەتین جووڵاندووە."

لەو بارەیەشەوە، ئەو هێزەی پێشمەرگەی بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە، سەر بە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی بوون و بە مەبەستی دانانی خاڵێکی نوێ لەسەر چیای مەتینا چووبوونە ئەو شوێنە.