سەردێڕ:

لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی پێشمەرگە؛ راگەیاندراوێک لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە

فۆتۆ: 
2021-06-05

6476 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە لە هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆك کرد.​​


ئەمڕۆ شەممە، یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیەنراوێکی لەبارەی رووداوەکەی چیای مەتینا بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە بە توندی ئێدانەی دەستدرێژی یەکە سەربازیەکانی عێراق لەناویاندا هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای مەتینای پارێزگای دهۆك لەسەر دەستی گروپێکی چەکداری دەرەوەی وڵات دەکەن.

ئەوەشی خستوتەڕوو، هێزە ئەمنیەکان لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن و سزایەکی دادپەروەرانە بەو کەسانە دەگەیەنن کە دەستدرێژی دەکەنە سەر خوێنی عێراقیەکان.

هاوکات، سەرەخۆشی لەبنەماڵەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.

باسی لەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرگری لە سەروەری نیشتیمانەکەیان دەکەن و ریگریی لە هەر رەفتارێک و هەڵسوکەوتێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ تێکدانی لەسەر بنەمای دەستور دەکەن.

راشیگەیاندووە، دەستور رێگەنادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی بەکاربێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون.