سەردێڕ:

وەزیری کشتوکاڵی عێراق ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی هەرێم وبەغدای ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-06-05

4220 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێک کە زۆربەى کێشەکانى ساڵانى رابردوو لەپرسى کشتوکاڵ و خاڵە سنورییەکان چارەسەر دەکات.


محەمەد کەریم خەفاجى وەزیرى کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، دواى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان خشتەیەکى کشتوکاڵى نوێیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمدا داناوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بەروبومە کشتوکاڵیەکان لە باکوورەوە بۆ باشوور بەپێى وەرزى بەرهەمهێنانیان. 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لە رێککەوتنەکەیاندا لەگەڵ هەرێم بڕى پێویستى بەرهەمى ئاژەڵیش بەردەست دەبێت چونکە بەڕێژەى ٣٠% بەرهەمهێنانى عێراق لە هەرێمەوەیە.

وەزیری کشتوکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، لێتێگەیشتن بۆ کۆنترۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان و رادەستکردنى بەروبومەکان لەهەرێمەوە دواى کۆنترۆڵکردنیان هاتووەتە ئاراوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکەش رێگە بەهاوردەکردنى عەلەف لەهەرێمەوە دەستکەوتە.

هاوکات، وتیشی، لەسەر زۆر پرسى ترى پەیوەندیداریش رێککەوتن کراوە و خاڵى پەیوەستبوونى نێوان هەرێم و فیدراڵ دیاری کراوە و رێککەوتنەکەش زۆربەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى ساڵانى رابردوو لەو پرسانەدا چارەسەر دەکات. 

لەبارەى بەربەستەکانیشەوە، محەمەد کەریم خەفاجى وەزیرى کشتوکاڵ ئەوەشى خستووەتە روو، بەربەستەکان زیاتر پەیوەندى بەبودجەوە هەیە، لەوانە نەدانى شایستە داراییەکانى جوتیاران و هەروەها پاڵپشتى نەکردنى وەزارەت بەدابینکردنى پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.