سەردێڕ:

کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-06-04

11526 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا ئەنجامی دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێککەوتن لە نێوان ھەرێم و عێراقدا کراوە و ئەوەی لە ئێستادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت شێوازی جێبەجێکردنەکەیەتی.

بەشیر حەداد باسی لەوەشكرد، رێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا ئەنجامی دەبێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەسەر ئالیەت و میکانیزمی رێککەوتنەکە قسەدەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چوارشەممەی رابردوو ٢ی حوزەیران، پاش ئەوەی بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێک ئەنجامبدەن، گەڕانەوە هەولێر، پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش لە بەغدا باسی لەوەکرد، بەغدا وتوویەتی، "تاوەکو داهاتی خاڵە سنورییەکان روون نەبێت، بەغدا هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت".

هاوکات، پاش گەڕانەوەی لەبەغدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندەکە رایگەیاند، "جارێکیتر ھە‌ردوولامان پابەندیمان بە یاسای بودجە دووپاتکردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکە بووەکان لەسەر بنەمای یاسا و دەستور و بۆ دروستکردنی لێکگەیشتنی درێژخایەن و بەردەوام".

ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەردەوام یەکتر بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.