سەردێڕ:

سەرحەد قادر لەبارەی هێرشی داعشەوە هۆشداری دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-04

6097 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک رایگەیاند، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە نێو بەندیخانەکانی کەرکوک کە داعشیان تێدایە و بەدوای مۆبایل و بەڵگەدا گەڕاون، چونکە گومان دەکرێت زیندانیەکان لەژوورەوە زانیاریان بە داعش دابێت.


ئەمڕۆ هەینی، سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوەکردووە، پۆلیسی فیدراڵی چوونەتە سەر بەندیخانەکان و بەدوای مۆبایلدا گەڕاون، چونکە گومان دەکرێت لە بەندیخانەکانەوە قسە لەگەڵ داعش کرابێت، دەشڵێت، "زانیاریش لەبەغداوە بۆ کەرکوک هاتووە، گوایە داعش دەیەوێت پەلاماری بەندیخانەکان بدات کە داعشیان تێدان."

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، لە رەحیماوا و چەند شوێنێکی کەرکوک، دروشمی داعش لەسەر دیوارەکان نووسراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەوتنە جوڵەی شانە نوستووەکان.

لەبارەی هەواڵی گواستنەوەی حوکمدراوە داعشەکان لەبەندیخانەی سوسێی نزیک سلێمانیەوە بۆ خوارووی عێراق، سەرحەد قادر ئەوەشی خستەڕوو، چەند شوێنێک هەن حوکمدراوی داعشیان تێدایە، بەتایبەت بەندیخانەی سوسێ، بۆیە هەندێک لە حوکمدراوەکان گواستراونەتەوە بۆ ناسریە و بەغدا لەلایەن عێراقەوە، رەنگە ئەوانەی کەرکوکیش بۆ ئەوێ برابن.

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک وتیشی، داعش لە دەوروبەری موسڵ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، هێزی بەچەکی قورسەوە لە سوریاوە بۆ عێراق هێناوە، ئەوان خۆیان بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و قۆستنەوەی ململانێکانی نێوان حکومەت و هێزە شیعیەکان ئامادە دەکەن، وتیشی، "داعش دەزانێت تا لەهەڵبژاردن نزیک بینەوە، وەزعی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە خۆیان بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادە دەکەن."

لەبارەی پێکهێنانی ژووری هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان، عەمید سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد دروستکردنی ئەو ژوورانە کاریگەریان لەسەر دۆخی ئەمنی نابێت، تەنانەت گەر لیوایەکی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە سودی نابێت، چونکە دۆسیەی ئەمنی و سەربازی و ئیداری لای هێزە عێراقیەکانە، دەشڵێت، "سنوری بەرفراوان هەیە کە چۆڵە، داعش بەئاسانی تێیاندا جم و جۆڵ دەکات، تەنانەت ئەم ماوە لەسنوری شوان و ئاڵتون کۆپریش چالاکیان کردووە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو بەهۆی تەقینەوەیەک لە چێشتخانەیەکی ناوچەى کازمیە لە بەغدا، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون، لای خۆشییەوە، داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.