كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ لە عێراق، ژماره‌ى بێسه‌روشوێنبووه‌كان له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانى تشرین له‌ساڵى ٢٠١٩ ئاشكراكرد و تیایدا هاتووە، نزیکەی ١٠٠ کەس بێسەروشوێن بوون.
فازڵ غه‌راوى ئه‌ندامى كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌لێدوانێكدا بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووه، چاره‌نووسى هه‌موو بێسه‌روشوێنبووه‌كان زانراوه كه ژماره‌یان ٧٦ بێسه‌روشوێنبووه، جگه له ١٨ بێسه‌روشوێنبوو كه هێشتا پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دوایاندا به‌رده‌وامه بۆ زانینى چاره‌نووسیان.
فازڵ غەراوی وتیشی، "تاوه‌كو ئێستا ئامارێكى ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه له‌باره‌ى بێسه‌روشوێنبوو و رفێندراوه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه، کە ژماره‌یان ده‌گاته سه‌دان هه‌زار كه‌س و به‌شێكیان له‌گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان زینده‌به‌چاڵ كراون".
باسی لەوەشکرد، "چەکدارانی داعش هه‌ستاون به رفاندنى ژن و منداڵ له شاره رزگاركراوه‌كان و ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى عێراقیان كردوون."
پێشتریش، حكومه‌تى فیدڕاڵی رایگه‌یاندبوو، تاوه‌كو كۆتایی مانگى ته‌مموزى ساڵى رابردوو؛ ئامارى قوربانیانى خۆپیشاندانه‌كانى تشرین لە عێراق گه‌یشتووەته ٥٦٠ کەس.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندانێکی گەورە و بەرفراوان لە عێراق دەستیپێکرد و ناوسرا بە خۆپیشاندانەکانی تشرین، کە تیایدا زیاتر لە ٤٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و نزیک بە ٢٠ هەزاری دیکەش برینداربوون.