سەردێڕ:

'بارزانی و سەدر رێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی داهاتووی عێراقەوە واژۆ دەکەن'

فۆتۆ: 
2021-06-03

17324 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی جەزیرە لە راپۆرتێکیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە مەرجەعی سیاسی لەناوەندی بڕیاری شیعەدا مامەڵە لەگەڵ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدردا دەکات و لەبەرامبەریشدا، سەدریییەکان وەک تاکە مەرجەعی سیاسی لەناوەندی بڕیاری کوردیدا مامەڵە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەکەن."


ماڵپەڕی جەزیرەی عەرەبی لەزاری هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، رێککەوتنی سیاسیی هاوبەش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بۆ داڕشتنی شێوازی داهاتووی حکوم لەعێراقدا کراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە تویتێکی هۆشیار عەبدوڵڵا کردووە و ئاشکرایدەکات، لەماوەی "١٤" سەردانی ئەندامانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای رەوتی سەدر، پێشنیازی رێککەوتنێکیان کردووە کە "کارپێککەوەیی؛ لەگەڵ رەوتی سەدر بە پێگەی تاکە مەرجەعی سیاسیی ناوەندی بڕیاری شیعەکان و لەبەرامبەریشدا سەدرییەکان بە پێگەی تاکە مەرجەعی سیاسیی کوردی لەناوەندی بڕیاری کوردیدا، مامەڵە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بکەن"، لەخۆدەگرێت.

ئەم قسانەی هۆشیار عەبدوڵا لەکاتێکدایە، ٣١ی مانگی ئایاری رابردوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی کوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.

تایبەت بەم پرسەش، ئێن ئاڕتی پەیوەندی بە ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە کرد و ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، "چاوی بەئەندامێکی ئەو وەفدە کەوتووە کە سەردانی مەسعود بارزانی کردووە و ئەو ئەندامەی وەفدەکە ئەوەی وتووە، تا ئێستا پارتی ١٤ جار سەردانی رەوتی سەدری کردووە و لەبەرامبەردا رەوتی سەدر تەنها یەک جار سەردانی پارتی کردووە."

هەر لەبارەی رێککەوتنەکەشەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید ئاشکراشیکرد، ئەوە پەیوەندی نێوان دوو حزبی سیاسییە و دەشڵێت، "هەندێک شتم بۆ باسکراوە تایبەت بە کۆبوونەوەکە، بەڵام لەسەر بنەمای متمانە بووە و ناتوانم باسی بکەم."

No description available.

نزیکبوونەوەی سیاسی

ماڵپەڕی جەزیرە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بە راپۆرتێکی خۆیان دەکات کە لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەنجامیان داوە و ئەوە هاتووە، گۆرەپانی سیاسی عێراق ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەدر و بارزانی بەخۆیەوە دەبینێت و تیایدا کار بۆ درووستکردنی رێچکەیەکی هاوبەش لەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی جەزیرەش، بارزانی و حزبەکەی لەبەرژەوەندی سەدر لەپێگە سیاسییەکەی خۆی پاشەکشە دەکات، لەبەرامبەریشدا رەوتی سەدر پاڵپشتی پارتی بکات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار.

سەرباری ئەمش رەوتی سەدر زیاتر لە جارێک جەختی لەوەکردوەتەوە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوە بچیت، چاوی لە پۆستی "سەرۆک وەزیرانی عێراقە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت و تیایدا تەواوی سێ سەرۆکایەتییەکە و دەستەی باڵای هەلبژاردنەکان، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژردنەکان دەکەنەوە لەکات و بەرواری خۆیدا.

بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی عێراقدا، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، نوێنەر و چاودێری تایبەتی خۆی بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان رەوانەی عێراق دەکات.

نەورەس غەریب