جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە لەسەر بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە.
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمانی عێراق و کوردستان سەردانی ناوچە سنورییەکان دەکات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، لیژنەکە بەشێوەیەکی مەیدانی دەچێتە ئەو شوێنانەی، کە باس لە بڕینەوەی دارستانەکانیان دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەشێک لە دارستانەکانی ناوچە سنورییەکان لە بادینان سوتاون و دارەکان گوازراونەتەوە بۆ تورکیا، ئەم کارەش ناڕەزایی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.
لەسەر ئەوەش، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن و بە فەرمیش حکومەتی تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردبوو، بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچە سنورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا.