فۆتۆ:
2021-06-02
1069 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، دوای رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دروستکردنی چوار ژووری هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتی پێویستدا ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عوسمان ریشە بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، چوار ژووری ھەماھەنگیی ھاوبەش لە خانەقین و کەرکووک و مەخموور و سحێلا دروست کراون و لە ئێستاشدا دەستیان بەکارەکارەکانیانکردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو چوار ژوورە ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگری دەگۆڕنەوە و کێوماڵی ناوچە شاخاویەکان دەکەن، لەکاتی پێویستدا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تاوەکو ئێستا ھێزی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و بەغدا لەو ناوچانەدا پێکنەهێنراوە و لەداهاتوودا بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدرێت، بەڵام لەم قۆناغەدا چوار ژووری ھاوبەش دروست کراون و ئێستاش کاری خۆیان ئەنجامدەدەن.
لەمانگی رابردوودا، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری کردنەوەی چوار ژووری ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگە لەم ھەفتەیەدا ھەر چوار ژوورەکە دەکرێنەوە و دەستبەکاردەبن و کارەکانیان کۆتایی پێدێت، چونکە ژوورەکان دروستکراون و تەنھا دەستبەکاربوونیان ماوە.
هەر لەو مانگەشدا، ناوەندی ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە سەربازگەی کەی وەن لە کەرکوک کرایەوە، کە ھەشت ئەفسەری لیوای یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەش چوونە کەرکوک و لەو ناوەندەدا کار دەکەن.