وەزیری بەرگری عێراق دۆسیەیەکی گەندەڵی 'گەورە'ی لەناو سوپای عێراقدا ئاشکراکرد، کە تیایدا زیاتر لە هەزار ئەفسەر لە بابەتی خۆراکی سەربازەکاندا تێوەگلاون.
جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە ئەفسەرەکان هەستاون بە گۆڕینی خۆراکەکان لە خۆراکی باشەوە بۆ خراپ تا سوودی دارایی لەو کارەیان بکەن، دەشڵێت، لە ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەکرێت.
بە وتەی وەزیری بەرگریی، بەڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی گەندەڵی لە بابەتی پێشكەشكردنی خواردن بە سەربازانی سوپای عێراقدا كراوە.
باسی لەوەشکرد، هێزەكانی ئەمریكا هاتنیان بۆ عێراق لە ٢٠٠٣ دا بڕیاریاندابوو مانگانە بڕی ١١٥ هەزار دینار لە هەر سەربازێكی سوپای عێراق وەربگیرن، بۆ ئەوەی لیژنەیەک لەلایەن هەر فەوجێكی سوپاوە پێكبێت بۆ كڕینی خواردن، وتیشی، لەو رێگەیەوە زۆرێک لە ئەفسەرەكانی سوپای عێراق مانگانە لە نێوان ٣٥ تا ٤٥ ملیۆن دیناریان بۆ خۆیان بردووە.