حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی موچەکانیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار و بەرەو سەرەوەیە بەشە خۆراکەکانیان دەبڕێت و بڕیارەکەش لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت "ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەدایە کە پێشتر حکومەت رایگەیاندبوو".
ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە ١ى ئەم مانگەوە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان و پارێزگاکان دەبێت پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکەبن.
دەشڵێت، پێویستە بە لیستێک ناوی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانه رادەستی حکومەت بکرێت کە مووچەکانیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار و بەرەو سەرەوەیە بۆ ئەوەی بەشە خۆراکیان ببڕدرێت.
هاوکات، ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە چینی فەرمانبەران، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریشداوە بەشە خۆراکی مانگانەی سەرجەم چینی بەڵێندەرەکان و خاوەن کۆمپانیاکان ئەگەر بەڕێوبەر یاخود خاوەن پشکیش بن دەبڕدرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو کەسانەش بێبەشدەبن لە بەشەخۆراکی مانگانە کە ئەندامن لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی و یەکێتی سەرمایەداران و سەندیکای پزیشکان و پزیشکانی ددان و سەندیکای دەرمانسازی و ئەو کەسانەش کە ساڵانه زیاترلە ١٨ملیۆن دینار باجیان لەسەرە.
حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ چوونەتە دەرەوەی وڵات و لەوێ دەژین بەشە خۆراکەکەیان بەشێوەیەکی کاتی رادەگیرێت تا کاتی گەڕانەوەیان دەسەلمێنرێت. هاوکات، بەهەمان شێوەش کۆچبەران و پەنابەرانی وڵاتانی دەرەوەش بێبەش دەبن.