وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەردەوامدەبێت، وەزیری کشتوکاڵی ھەرێمیش دەڵێت، جوتیارانی هەرێم ئێستا دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان هەناردەی عێراق بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد خەفاجی وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "لەئێستادا کێشەیەی مریشک و هێلکەی هاوردەکردن هەیە، دوای ئەوەی بڕیارێکمان دەرکرد تایبەت بە قەدەغەی هەناردەکردنی ئەو بەهەمانە لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان."
لە چوارچێوەی سەردانکردێکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیر بۆ سەربڕیخانەی مریشکی پیرەمەگرون ئاماژەی بەوەشدا، "هاتمان بۆ ئێرە بۆ دڵنیایی بوونە لە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە رووی کواڵێتی و تەندروستیی و بەردەوامبوونی هەناردەکردنیانە لە هەرێمەوە بۆ باشوور و بەپێچەوانەشەوە" .
محەمەد خەفاجی وتیشی، هیچ رێگریەک لەبەردەم هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوونی نییه و تەنها لەسەر پرسی قاچاغچێتی بەرهەمی مریشک و هێلکەوە بووە و لە ئێستادا لەسەر ئەم بابەتە گەیشتووینەتە رێککەوتن.
هاوکات، باسی لەوەشکرد، دەبێت هاوکاری لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی قاچاخەوە هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پەلەوەری نەمینێت و پارێزگاری لەکاڵا و خۆراکی تەندروست بکرێت.
لەو بارەیەشەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکەوتنیان کردووە لەسەر رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاشکرای دەکەن.