کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی پێشێلکردنی حوکمەکانی بڕگەی سێ لە ماددەی ھەشت لە یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی ٢٠ کاندید لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمان.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، کاندیدە دوورخراوەکان بریتین لە ھەریەک لە؛ زیا محەمەد محەمەد ئەسعەد، ریسان میقداد حوسێن عەزاوی، نازم زایر حەتاب تەعبان، نەبیل محەمەد مونشید مەناحی، عەلی دەروێش عەلی دەروێش، فالح عەبدولعالی تاھیر حوسێن، عەلی یوسف حەمود تڵفاح، عەلی سالم سەعد نەبھان، کازم جەلاوی دەغیش حەجی بدێری، باسم عەبدوڵڵا سوڵتان، عەلی ھادی ساڵح مەحی، حەسەن فەرحان حوسێن خەلیفە، حەنان ھادی حەمەد عەنناز، حەیات کازم سلێمان زەخر، بەسمان زەنون سەعید زاھیر، ئەحمەد ئیسماعیل مەجید بەھران، ئەیاد عەبود حەمود محەمەد، محەمەد حوسێن عەلی حزەیر، ئەحمەد عەبدوڵڵا عەبد خەلەف، مەعرەف جاسم عەبود مەھدی شممەری.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەرفەتی بە پارتە سیاسیی و ھاوپەیمانیەتییەکان داوە بۆ گۆڕینی کاندیدە دوورخراوەکان لە ماوەی سێ رۆژدا لە رێکەوتی ئاگادارکردنەوەیان.
هاوکات، ئاماژە بەوەشدراوە، پارت و ھاوپەیمانیەتییەکان دەتوانن لەبەردەم دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان پشت ببەستن بە حوکمەکانی ھەردوو ماددەی (١٩/یەکەم) و (٢٠/یەکەم) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ژمارە ٣١ ساڵی ٢٠١٩ و تانە لە بڕیارەکە بدەن، لە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەلایەن دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەوا ناوی کاندیدی دوورخراوە دەگەڕێتەوە ناو لیستی پارت یان ئەو ھاوپەیمانیەتییەی کە کاندیدی کردووە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بەڕێوەبچێت.