شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە قەزای دبس توانیان دەست بەسەر پێنج سەکۆی موشەکیدا بگرن کە ئامادەکرابوون و موشەکی جۆری گرادیان بە ئاراستەی گوندی حەسار لەسەر دانرابوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان و لێکۆڵیننەوەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی پردێ لە کەرکوک، دەستبەسەر پێنج موشەکی جۆری گراددا گیرا کە لەسەر سەکۆکانیان بە ئاراستەی گوندی حەساری سەربە ناحیەی پردێ دانرابوون و ئامادەکرابوون هەڵبدرێن.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دەستگرتن بەسەر موشەک و سەکۆکاندا لەلایەن فەوجی یەکی سەربە لیوای ٣١ لە بەشی هەشتی سوپای عێراقەوەبووە و لەلایەن تیمێکی شارەزای بواری تەقەمەنییەکانەوە پوچەڵکراونەتەوە.