سەردێڕ:

عێراق پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی بە مەرج گەڕاندەوە

فۆتۆ: 
2021-05-30

2268 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتەی بە ئامانجی کڕینی ١٦ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ گێڕاوەتەوە.


رەزا ئەردکانیان وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، گەڕانەوەی ئەو پارە بلۆککراوانە لەئەنجامی هەوڵێکی زۆرەوە بووە و بانکی بازرگانی عێراقی پارەکانی حەواڵەی بانکی ناوەندیی سویسری دەکات.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەفتەی داهاتوو رێکارە ئیدارییەکان تەواو دەبن و کاروانێکی ڤاکیسنی کۆرۆنا رادەستی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەکرێت.

رەزا ئەردکانیان وتیشی، بەشێک لە شایستە داراییەکانی وڵاتەکەی بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای سپۆنتیکی روسی خەرجدەکرێت.

عێراق ساڵانە غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، پارەکانی بلۆککران و نەیدەتوانی شایستەداراییەکانی خەرجبکات. هاوکات،  بەگوێرەی راپۆرتەکان قەرزەکان دەگات نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی ئەمریکا تاك لایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، کۆمەڵێك سزای دارایی و ئابوری و بازرگانی بەسەردا سەپاند و یەکێك لە سزاکان بلۆککردنی پارەکانی ئەو وڵاتەبوو لە بانکەکانی دەرەوە کە کۆی پارە بلۆککراوەکانیشی بە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت.