سەردێڕ:

هێرشێکی چەکداریی لە خانەقین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-29

2745 جار خوێندراوەتەوە

لە هێرشێکی چەند چەکدارێکی نەناسراودا بۆسەر سەربازانی حەشدی شەعبی لە خانەقین، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.


سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو چەکدارانە نەناسراو بوون و هێرشەکە لە ناوچەی ناودۆمانی سەر رێگای خانەقین جەلەولا بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، چەکدارەکان بە قەناس تەقەیان لە هێزەکەی حەشدی شەعبی کردووە، چەکدارێکی حەشدی شەعبی بە ناوی مونتەزر داود زوهێری کوژراوە و یەکێکی تریش بریندار بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە هۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەکدارانی داعش چالاکیی و جموجوڵەکانیان زیادبکەن و ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە.