سەردێڕ:

بەشیر حەداد لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-05-29

2799 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی گشتی لە عێراقدا پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، چونکە حکومەت و لایەن و فراکسیۆنەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەنجامبدرێت، دەشڵێت، "هیچ فراکسیۆنێک بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن یان هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنیان نەکردووە."


بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، تا ئێستا هیچ داوایەکی فەرمی لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە، دەشڵێت، ئەوەی دەوترێت لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، تەنها دەنگۆیە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەرکاتێک حکومەت یان سەرۆکایەتی کۆمار یان ١٠ ئەندام پەرلەمان یان لیژنەیەکی تایبەت داوایەک پێشکەشی پەرلەمان بکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوا بەگوێرەی ماددەی ٦٠ رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر.

ئاماژەی بەوەشدا، دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی ئەرکی پەرلەمان نییە، بەڵکو حکومەت بەهەماهەنگی کۆمسیۆن دیاریدەکەن، دەشڵێت، تا ئێستا ئەوەی هەیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەرێوەبچێت.