کۆمپانیای ئاساسێڵ بۆ پەیوەندییەکان راگەیاند، سەنتەری پزیشکی دیجیتاڵی کە کۆمپانیاکەیان دایمەزراندووە و کاری جێبەجێکردن و دابینکردنی چارەسەر و فریاکەوتن و پێدانی راوێژی پزیشکییە لەدوورەوە لەگەڵ یارمەتییە مرۆییەکان لە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش، پاڵیوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گلۆمۆ GLOMO .
ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای ئاساسێڵ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە کۆمپانیاکەیان پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی گلۆمۆ، هاوکات، بەبردنەوەشی دەبێتە یەکێك لەبەهێزترین کۆمپانیاکانی جیهان لەبواری پەیوەندی و تەکنەلۆجیادا.
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمپانیاکەیان سەنتەری پزیشکی بەردەڕەشی دامەزراندووە بۆ چارەسەر و فریاکەتن و پێدانی راوێژی پزیشکی لەدوورەوە لەگەڵ یارمەتی مرۆیی لە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش بۆ ئەوانەی بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژییەوە ماڵییان جێهێشتووە.
کۆمپانیای ئاساسێڵ باسی لەوەشکردووە، ئەم سەنتەرە کەلوپەلی زانستی و پزیشکی ئێجگار پێشکەوتووی لەبەردەستدایە کە ئینتەرنێتی خێرای ئاسیاسێڵ یارمەتیدەدات تا خزمەتگوزاری تەندروستی و هۆشیارکردنەوە بە فراوانترین شێوە دابینبکات؛ لەوانەش ڕاوێژی پزیشکی لەڕێی ئینتەرنێتەوە و ئاسانکاری زانستی و ئینتەرنێت و کافێی بێبەرامبەر و خزمەتگوزاری تایبەتمەندی نیشتەجێکردن، دەشڵێت، هەموو خزمەتگوزارییەکان بێبەرامبەرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەنتەرەکە لە دوورەوە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشدەکات، ئاوارەکانی کەمپی بەردەڕەش دەبەستێتەوە بە پێشکەوتووترین دامەزراوەی پزیشکی لە عێراق "شاری پزیشکی فاروق"؛ کە زیاتر لە ٢٧٥ کیلۆمەتر لە کەمپەکەوە دوورە، دانیشتوانی کەمپەکە دەتوانن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پزیشکە پسپۆڕەکانی شاری پزیشکی فاروق ببین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانیان و چارەسەکردنیان.
ئاشکراشیکردووە، پزیشکەکان دەتوانن بەئاسانی پەیوەندی بە سەنتەرە پزیشکییەکەوە بکەن و رێنمایی پێویست وەرگرن سەبارەت بەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشەکانی دەنووسن و ئەو کەلوپەلە پزیشکییانەی پێویستە بۆ چارەسەر بەکاربهێنرێن، هەروەها بۆ دیاریکردنی خشتەی کاتی پێویست بۆ وەرگرتنی رێوشوێنە پزیشکییەکان هەتا نەخۆشەکە چاکدەبێتەوە.
خەڵاتەکانی گلۆمۆ لەبۆنەیەکی ساڵانەدا دابەشدەکرێن کە تیایدا تازەگەرترین بەرهەمەکانی مۆبایل و خزمەتگوزاری دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جیهان رادەگەیەنرێن؛ لە پێناو پشتیوانیکردنی تازەگەری بەرەوهێنانەکایەی بەرهەم و خزمەتگوزاری سەردەمیانەتر لە جیهاندا.
ڕاستەوخۆ لە ئیسپانیاوە ولە بۆنەیەکی گریمانەییدا بۆ ماوەی کاژێرێك، براوەکانی خەڵاتی “GLOMO” رادەگەیەنرێن لە کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ “بە کاتی ناوەڕاستی ئەوروپا CET “، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢١.