سەردێڕ:

مەرجی حەشدی شەعبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کازمی ئاشکرا دەکرێت

فۆتۆ: 
2021-05-29

2915 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی عێراقی راگەیاند، حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەشیعەکانی دیکە بە مەرجی دەست لەکارکێشانەوەی ئەحمەد ئەبو رەغیف سەرۆکی لیژنەی نەهێشتنی گەندەڵی ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵات ئاسایی بکەنەوە.


ماڵپەڕی ئاڕ تی روسی لە زاری چاوگێکی عێراقیەوە بڵاوی کردەوە، فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارە شیعەکانی دیکە دەستلەکارکێشانەوەی فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف سەرۆکی لیژنەی نەهێشتنی گەندەڵییان کردووەتە مەرج بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

چاوگەکە ئاشکرای کردووە، هۆکاری داواکردنی دەست لەکارکێشانەوەی ئەبورەغیف دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستگیرکردنی قاسم موسڵیحی فەرماندەی حەشدی شەعبی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە دوو رۆژی رابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە گرژییەکانی نێوان کازمی و حەشد و گروپە چەکدارەکان هێربکرێتەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی رۆژی چوارشەممە، بە تۆمەتی 'تیرۆرکردنی' چالاکوانان، قاسم موسلیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی و فەرماندەی لیوای تفوف دەستگیرکرا، کە ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە.