سەردێڕ:

دەزگای شەهیدانی عێراق: ٢٩ى ئەم مانگە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نەینەوا هەڵدەدەینەوە

فۆتۆ: 
2021-05-28

1045 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، فەرمانیان کردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ کە مەزەندە دەکرێت روفاتی زیاتر لە ٥٠٠ کەسی تێدا بێت.


عەبدولئیلا نائیلى سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق راگەیاندووە، قوربانیانی ناو گۆڕەکە ژمارەیان لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کەسدا بێت، دەشڵێت، قوربانییەکان سزادراوانی بەندینخانەی بادۆشن لە پارێزگای نەینەوا.

سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق باسی لەوەشکردووە، گۆڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داعش و لەسەر بنەمای تائیفی کوژراون.

روونیشیکردووەتەوە، وەکو دەزگای شەهیدان هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئازار و نەهامەتی عێراقییەکان بە هەموو جیهان بناسێنن.

 لەلایەکی دیکەشەوە، زیا ساعدی بەڕێوەبەری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، ئەو گۆڕە لە ساڵی ٢٠١٧ شوێنەکەی دیاریکراوە بەڵام لەبەر هۆکاری نا ئارامی ئەمنی نەیانتوانیوە هەڵیبدەنەوە.

زیا ساعدی ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٩ی ئەم مانگە، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پزیشکى دادى و تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و لیژنەیەکی نیودەوڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنان دەستدەکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە.