لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ تێکشکاندنی داعش و تیرۆر بە گشتی، پێویستە هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بنبڕ بکرێن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ریچارد بێڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبووەوە و باسیان لە هەماهەنگی سەربازیی نێوانیان کردووە لە روبەروبونەوەی داعش.
بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانانیش، جەختی "لە بەردەوامبوونی هاوکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ سوپای عێراق کردووە بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش."
ریچارد بێڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، "کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەنگاوێکی ئەرێنییە."
