سەردێڕ:

سۆمۆ: مانگی رابردوو کۆمپانیا هیندییەکان زۆرترین نەوتی عێراقیان کڕیوە

فۆتۆ: 
2021-05-27

551 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، کۆمپانیا هندییەکان لە ماوەی مانگی رابردوودا زۆرترین نەوتی عێراقیان کڕیوە، بە شێوەیەک لە کۆی ٣٢ کۆمپانیای ئەو وڵاتە هەشت کۆمپانیا زۆرترین نەوتیان کڕیوە.


کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە پێگەی فەرمی خۆی رایگەیاند، کۆمپانیا چینییەکان بە پلەی دووەم دێن لە کڕینی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا.

سۆمۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆمپانیاکانی کۆریای باشور و ئەمریکا و روسیا و ئیتاڵیا لە ریزبەندی ئەو وڵاتەنەن کە زۆرترین ڕێژەی نەوتی عێراق دەکڕن.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی نیسانی رابردوودا گەیشتووەتە ٨٨ ملیۆن و ٣٩٨ هەزار بەرمیل نەوت بە داهاتی پێنج ملیار و ٥٤٩ ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو له کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، وەزارەتی نەوتی عێراق وتبووی، رۆژانە دوو ملیۆن و ٨٦٣ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوه و  نرخی هەر بەرمیلێکش بە ٦٢ دۆلار و ٧٧ سەنت فرۆشراوه.

عێراق؛ داهاتی سەرەکی لە رێگەی نەوتەوە بەدەستدەهێنێت و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی رابردوودا زیانی بە ئابوری وڵاتەکە گەیاند، لە کاتێکیشدا، مستەفا کازمی کابینەکەی پێکهێنا رایگەیاندبوو، کار بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی ئابوری دەکەن جگە لە نەوت.