قاسم موسڵیح کە هێزێکی تایبەتی عێراقی بەتۆمەتی کوشتنی چالاکوانان و هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکان دەستگیریان کرد ، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کرایەوە، موسڵیح کێیە؟
فەرمانی دەستگیرکرنی قاسم موسلیح سەرکردەیەکی دیاری حەشدی شەعبی پشێویەکی گەورەی لە گۆڕەپانی ئەمنی و سیاسی لە بەغدای پایتەخت دروستکرد.
بەجۆرێک دوای ئەوەی قاسم موسڵح دەستگیرکرا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو، موسڵیح بە پشت بەستن بەبڕیاری دادگا کە لە رۆژی ٢١ی ئایار دەرچوو و بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراوە.
دوا ئەم رووداوە ھێزێکی زۆری سەربە حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز لەبەغدا و گەمارۆی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانیان دا، چەند شوێنێکی دیکەیان لە ناوەڕاستی بەغدا داخست لەوانە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و ماڵی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ھەواڵگریی، ئەحمەد ئەبو رەغیف کە فەرماندەی ئەو ھێزە تایبەتەیە کە قاسم موسڵحی دەستگیرکرد.
قاسم موسڵیح کێیه؟
ناوی تەواوی قاسم کەریم مەحمود موسڵیح خەفاجییە، خەڵکی شاری کەربەلایە، ئامر لیوای گروپی تفوفه کە گروپێکی حەشدی شەعبییه و یەکێکە لەسەرکردە گرنگ و دیارەکانی حەشد.
پێشتر چەندین پۆستی وەرگرتوه لەوانە لەساڵی ٢٠٠٣ یاریدەدەری بەرپرسیارێتی پاراستنی یاسا بوه لە عەتەبەی حسێنی کە مەزاری حسێنی کوڕی ئیمامی عەلی لییه.
لیوای تفوف کە قاسم موسڵیح سەرکردایەتی دەکات، پێشتر بەهۆی گەندەڵییەوە لە ریزەکانی حەشدی مەرجەعیەتی سەر بە عەلی سیستانی دەرکرا و جیاکرانەوە، پاشان بەهۆی نزیکبونییەوە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیەوە چەندین پۆستی ئەمنی وەرگرتوە.
لەگرنگترین ئەو پۆستانەی پێیدراوە، بەرپرس و سەرپەرشتیاری میحوەری خۆرئاوای پارێزگاری ئەنبار کە ناوچەیەکی ستراتیجیە و هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەردەن و سوریا.
بەچی تۆمەتبارە؟
قاسم موسڵح تۆمەتبارکراوە بە هێرشکردنە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار و بەتایبەت پرسی هێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەل ئەسەد کە سەربازگەیەکی گرنگ و گەورەی هێزەکانی ئەمریکایە لەو ناوچەیە .
جگە لەم تۆمەتە، هەروەها تۆمەتباریشکراوە بە کوشتن وتیرۆرکردنی خۆپیشاندەران وچالاکوانانی شاری کەربەلان بەتایبەت چالاکوانی مەدەنی ئیهاب وەزنی کە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا.
کاردانەوەکان چی بوون؟
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "جموجۆڵه چه‌كدارییەکانی به‌غدا، پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیدارن، نه‌ک ته‌نها لە یاسا و بڕیاره‌كان، به‌ڵكو له ده‌ستوری عێراقیش."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "كه‌سانێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن قه‌یرانی ئه‌منی و سیاسی دروستبكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ململانێی هه‌ڵبژاردن یان رێگریكردن له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان."
هاوکات عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، "هه‌موو عێراقییه‌كان یه‌كسانن له‌پێوه‌ره‌كانى لێپرسینه‌وه‌ى یاسایی"، دووپاتیشیكرده‌وه، "ده‌بێت رێز له‌بڕیارى ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت بگیرێت و له‌سه‌رویشیانه‌وه ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كه‌ده‌بێت به‌بێ جیاوازى له‌سه‌ر هه‌مووان ساغ بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو خاوه‌ن مافێك مافى خۆى وه‌ربگرێت".
موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر لە هەژماری تایبه‌تى خۆى لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر رایگه‌یاند،" لاوازكردنی عێراق قەدەغەیە،هەڵبەت حەرامیشە".