مستەفا کازمی رایگەیاند، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر فەرماندەکەی حەشدی شەعبی پێکێهێنراوە و لە ئێستادا دراوەتەوە بە حەشدى شەعبی، دەشڵێت، "پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەسەر چەک هەڵگرتن و جوڵە پێکردنی گروپە چەکدارییەکان بکرێت."
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی پێکێهێنراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبار بەپێی ماددەی چواری تیرۆر و لەسەر بنەمای سکاڵا لەسەری دەستگیرکراوە، دەشڵێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هەواڵگری و سەربازی و ئاسایشی نەتەوەیی و حەشدی شەعبی بۆ بەدواداچوون لەسەر تۆمەتەکان پێکهێنراوە.
مستەفا کازمی باسی لەوەشکردووە، "دیاردەی چەک هەڵگرتن کە لەلایەن بەشێک لە گروپە چەکدراوەکانەوە پەڕەودەکرێت لە دەرەوەی دەستوری عێراقی و یاساکانەوەیە و پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەسەر ئەو جۆرە لە چەک هەڵگرتن و جوڵە پێکردنانە بکرێت."
راشیگەیاندووە، "لەم قۆناغە مێژوییەدا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نیشتیمانی و زیان نەگەیاندن بە ئاسایشی گەلەکەمان پێویستە خۆمان لە خۆنمانیشکردن بە دووربگرین"، دەشڵیت، "لەم دۆخەدا بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی عێراق و هێز و پارتە سیاسییەکان و داواکارین هەموو لایەن بەرژەوەندی گەل پێش بخەن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆمەتی 'تیرۆرکردنی' چالاکوانان، قاسم موسلیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی و فەرماندەی لیوای تفوف دەستگیرکرا، کە ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە.