پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەکەی حەشدی شەعبی ئازادکرا.
ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قاسم موسلیح فەرماندەی حەشدی شەعبی ئازادکرا، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و لە کاردانەوەشدا، حەشدی شەعبی ٢٤ کاتژمێری بۆ ئازادکردنی فەرماندەکەی دیاریکرد.
دوا بەدوای ئازادکردنی فەرماندەکەی، لە راگەیەنداوێکدا حەشدی شەعبی باسی لەوەکرد، تەواوی هیزەکانیان لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا کشاندووەتەوە.
هاوکات، جێنین پلاسخارت پەیکی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لەبارەی پشێوییەکانی ئەمڕۆی عێراقەوە لە پەیامێکدا سەرکۆنەی جوڵاندنی هێزی سەربازیی گروپ و تاقمە سەربازییەکانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم رەفتارانە دەبنە هۆی لاوازکردنی عێراق و پێویستە جەخت لە متمانەی خەڵکی بکرێتەوە."
لای خۆشییەوە، ئەحمەد ئەسەدی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "دەستگیرکردنی قاسم موسلیح سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی، بە شێوەیەکی نایاسایی ترسناکە و دۆخەکە دەشێونێت و پێویستە ئەو هەڵەیە راستبکرێتەوە."