دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بە تۆمەتی 'تیرۆرکردنی' چالاکوانان فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی دەستگیرکرا، لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی حەشدی شەعبی لە بەردەم یەکێک لە دەروازەکانی ناوچەی سەوزی شاری بەغدای پایتەخت بڵاوەیان پێکراوە.
لەسەر ئەو بابەتە چاوگێکی ئەمنی لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حەشدی شەعبی ناوچەی سەوزی لە بەغدا گەمارۆداوە و هێزەکانی دژەتیرۆریش لەهەمان ناوچەن بۆ ئەگەری هەر روبەڕوبوونەوەیەک، دەشڵێت، جوڵەکان لە ناوچەی سەوزدا راگیراوە.
هاوکات، فالح خەزعەلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح لە تویتێکدا رایگەیاند، گرتنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانەی عێراقە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، خۆپیشاندان و دەستگیرکردن بیانوونین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
فالح خەزعەلی دەشڵێت، ''هەرکەسێک تامی دەسەڵاتی کرد، وێنای لەدەستدانی ناکات و چەند هەڵسوکەوتێکی کازمی دەبێتە هەڵگیرسانی پشێوی و دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی زیاتر لە دەسەڵات بمینێتەوە."
لای خۆشییەوە، ئەحمەد ئەسەدی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "دەستگیرکردنی قاسم موسلیح سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی، بە شێوەیەکی نایاسایی ترسناکە و دۆخەکە دەشێونێت و پێویستە ئەو هەڵەیە راستبکرێتەوە."
لەسەر بەردەوامی گرژییەکان، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لەهێزە شیعەکان کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆمەتی 'تیرۆرکردنی' چالاکوانان، قاسم موسلیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی و فەرماندەی لیوای تفوف دەستگیرکرا، کە ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە.