وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی عێراقی رایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی بەغدا بۆ دوو کەس بەرزبووە، هاوکات، ٢٦ کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکیاندا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرایانکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ سێشەممە لە بەغدای پایتەخت بوونەتە قوربانیی، بەرزبووەتەوە بۆ دوو کوژراو و ٢٦ بریندار.
پێشتر، چاوگێکی ئەمنی راگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی بەغدادا، یەک خۆپیشاندەر کوژراوە و شەش خۆپیشاندەر و هەروەها نۆ کارمەندی ئەمنیش برینداربوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، خۆپیشاندان دژبە کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان لەژێر ناوی (کێ منی کوشتووە) ئەنجام درا و گرژی و پێکھەڵپژان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
لای خۆشییەوە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو گرژی و ئاڵۆزییەیانە دەکەن کە لە خۆپیشاندانەکاندا روویاندابوو.