دوای ئەوەی لەمڕۆدا خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق دەستیپێکردەوە، سەر لە ئێوارە خۆپیشاندانەکە گرژی تێکەوت و کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خۆپیشاندەران بە دروشمی (كێ كوشتمی) خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامدا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی دیاریدەی تیرۆرکردنی چالاکوانان و رفاندنیان لەماوەی چەند مانگی رابردوو، هاوکات، چالاکوانان پێیان وایه، بەمەبەست لەم خۆپیشاندانە کارتێکی فشارخستنەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقه بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی تۆمەتبارانی چالاكوانان و خۆپیشاندەران و رادەستكردنیان بە دادگا.
سەر لە ئێوارە و لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریردا گرژی کەوتە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان و بەوتەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکیش بریندارە.
لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ چالاکوانان و گەنجان و هاوڵاتیانی عێراق لە بەغدای پایتەخت و شارە جیاجیاکان لەسەر نەبوونی کار و گرانبونی نرخی کاڵاکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.هاوکات، لە چەند مانگی رابردووەوە دیاردەی کوشتنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و هێرشکردنە سەریان و رفاندیان زیادیکردووە کەبووەتەهۆی ئەوەی ئەمجارە خۆپیشاندەران بهێنێتەوە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و داوای کۆتایی پێهێنانی ئەم دیاردەیە و حکومەت بکەرانی دەستگیربکات و رادەستی دادگایان بکات.
ئومێد محەمەد، بەغدا