سەردێڕ:

خۆپیشاندان لە بەغداد دەستی پێکرد

فۆتۆ: 
2021-05-25

2638 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی تر خۆپیشاندان لە بەغدادی پایتەخت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی شارەكانی دیكەی عێراق و بەتایبەتیتر هەردوو شاری ناسرییە و کەربلا بەڕێوەچوو.


خۆپیشاندەران بە دروشمی (كێ كوشتمی) خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامدا، ئەمەش بەهۆی زیادبونی دیاریدەی تیرۆرکردنی چالاکوانان و رفاندنیان لەماوەی چەند مانگی رابردوو.

چالاکوانان پێیان وایه، بەمەبەست لەم خۆپیشاندانە کارتێکی فشارخستنەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقه بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی تۆمەتبارانی چالاكوانان و خۆپیشاندەران و رادەستكردنیان بە دادگا.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی وڵات، شەوی رابردوو هێزە عێراقییەکان لە شەقامە سەرەكییەكان و نزیك گۆڕەپانەكانی ئەندەلوس، فیردەوس، كەهرمانە و تەحریر لەناوەڕاستی بەغدا وەك ئامادەكارییەك بۆ خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ، بڵاوەیانپێكراوە.

چالاكوانان و گروپەكانیان ماوەی چەند رۆژێكە لە ئامادەكاریدان بۆ رێكخستن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە و پێشبینیدەكرێت ببێتە دەستپێكی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان، دوای دامركانەوەی خۆپیشاندانەكانی پێشوو، كە بە تشرین ناسرابوو و لە ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ سەریهەڵدا.

چالاكوانان سێ شوێنیان وەك ناوەندی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان دیاریكردووە، ئەوانیش، گۆڕەپانەكانی فیردەوس، تەحریر و نسور-ە لە بەغدا.

هاوکات گروپی حزبوللای عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکان رایگەیاند، ئەم کارە دەستی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەپشتەوەیە بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دوابخات.

ئەبو عەلی عەسکری بەرپرسی ئەمنی گروبی حزبوللای عێراق لە تویتکدا رایگەیاند، "پێویسته لەسەر حەشدی شەعبی پاریزگاری لەو گەنجانە بکەن و رێگە نەدەن ببن بە یاری و بوکەڵەی دەستی دوژمان".

لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ چالاکوانان و گەنجان و هاوڵاتیانی عێراق لە بەغدای پایتەخت و شارە جیاجیاکان لەسەر نەبوونی کار و گرانبونی نرخی کاڵاکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.هاوکات، لە چەند مانگی رابردووەوە دیاردەی کوشتنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و هێرشکردنە سەریان و رفاندیان زیادیکردووە کەبووەتەهۆی ئەوەی ئەمجارە خۆپیشاندەران بهێنێتەوە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و داوای کۆتایی پێهێنانی ئەم دیاردەیە و حکومەت بکەرانی دەستگیربکات و رادەستی دادگایان بکات.