سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک داوای راگرتنی هاوردەکردنی گۆشت و مریشکی بەستوو دەکات

فۆتۆ: 
2021-05-25

2882 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو هۆرەکانی پەرلەمانی عێراق داوادەکات هاوردەکردنی گۆشت و مریشکی بەستوو لە دەرەوە رابگیرێت، چونکە کاریگەری لەسەر ​پرۆژەکان و بەرهەمی ناوخۆیی دادەنێت و دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و راگرتنیان.


عەلی بدێری ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و هۆرەکانی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، "زۆرینەی کیڵگەکانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر و گۆشت بەهۆی هاوردەکردنی گۆشت و مریشکی بەستوو بەرهەم و داهاتیان کەمی کردووە".

راشیگەیاند، بەشێک لەو خێزانانەی لە و کیڵگانەدا کاردەکەن بە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گۆشت و مریشکی بەستوو کارەکانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێوەیەکی بەرفراوان و بەڕێژەیەکی بەرچاو و هێلکە و گۆشت و مریشکی بەستوو هاوردەی ناوخۆی وڵاتدەکرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ داناوە و لە رووی تەندروستیشەوە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن سەرچاوەی توشبوونی هاوڵاتیانن بە نەخۆشی شێرپەنجە.

هاوکات، عەلی بدێری داوای لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەپەلە بۆ رێگەریکردن لەم دیاردەیە رێوشوێنی یاسایی  وپێویست بگرێتەبەر.

ئەمە لەکاتێکدایە، چەندینجار ژوری بازرگانی ئێران و تورکیا لە راپۆرتەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە عێراق لە هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکاندا لەو دوو وڵاتەوە پلەی یەکەمی گرتووە. هاوکات، لە ئێستاشدا نرخی یەک کیلۆ مریشکی خۆماڵی لە هەرێم بە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ دینارە و نرخی یەک کیلۆ گۆشتی خۆماڵیش بە ١٥ هەزار دینارە.