لە گوندێکی سەر بە قەزای دوبز ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارێک کەوتەوە و دوو دۆنم لە زەوییەکە سوتا.
قەیس عەبدولڕەزاق وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە گوندی عەلاوە مەحمودی سەر بە قەزای دوبز ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارێک کەوتەوە و بەوهۆیەوە دوو دۆنمی زەوییەکەی و دەڕاسەیەکیش سوتا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرکوک دەشڵێت، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە لە دەڕاسەکەدا، چونکە سەرەتا ئاگر لە دەڕاسەکەوە دەرچووە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاویندا سوتانی دەغڵودانی جوتیاران زیاد دەکات، بەڵام لە چەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێت قەرەبووی جوتیاران ناکرێتەوە.
سۆران محەمەد، کەرکوک