سەردێڕ:

توركیا لە رێگەی دۆسیەی ئاوەوە فشاری خستووەتە سەر عێراق

فۆتۆ: 
2021-05-24

1837 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانی ئاو لە عێراقدا، لەگەڵ تورکیا لە دانوستاندان. هاوکات، ئیدارەی خۆسەری لە سوریا رایگەیاند، "ئەو بڕە ئاوەی لە ئێستادا بە روباری فوراتدا دەڕوات زۆر کەمترە لەو بڕەی کە تورکیا دەڵێت بەریداوەتەوە".


عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانی ئاو لە عێراقدا، لەگەڵ تورکیا لە دانوستاندان، دەشڵێت، "هەوڵدەدەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە ئەنجامی ئەوەی تورکیا زیاتر لە ئێستا ئاو لە روبارەکانی دیجلە و فورات بۆ عێراق بەربداتەوە".

عەبدولخالق عەزاوی راشیگەیاند، پێویستە لە داهاتوودا پلانێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی لە عێراق دابنرێت و بەنداوی زیاتر دروستبکرێت.

لەلایەکی ترەوە، عەلی مانع بدێری ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عیراق باسی لەوەکردووە، "توركیا دۆسیەی ئاو بەكاردەهێنێت لەپێناو داگیرکردنی بەشێک لەخاكی عێراق".

عەلی مانع بدێری ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی تورکیا دۆسیەی ئاو لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاردەهێنێت تا بتوانێت سنورەکانی تورکیا بە ئاڕاستەی خاکی عێراق فراوانتر بکەن، وتیشی دەبێت حكومەتی بەغدا رێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی درێژخایەنی ئاو لەگەڵ توركیادا.

هاوکات، سەرەڕای ئەوەی تورکیا بەفەرمی رایگەیاند، بڕی ئەو ئاوەی دەچێتە ناوخاکی سوریاەوە لە رێگەی روباری فوڕاتەوە دایبەزاندووە لە ٥٠٠ مەترچوارگۆشە لە هەر چرکەیەکدا بۆ ٢٠٠ مەتر چوارگۆشە لە چرکەیەکدا، بەڵام ئیدارەی خۆسەری لە خۆرهەڵات و باکوری سوریا دەڵێت، "ئەو بڕە ئاوەی لە روباری فوڕات بەردراوەتەوە زۆر کەمترە لەو بڕەی تورکیا رایگەیاندووە".

لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە عێراق بەهۆی گرتنە بەری سیاسەتی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بەرامبەری و دروستکردنی چەندین بەنداوی گەورە لەسەر سەرچاوە و رێڕەوییە ئاوییەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتدا کێشەی دابەزینی ئاستی ئاو بەتێکڕایی پێنج مەتر بە تایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور روبدات و بەمەش کێشەی کەم ئاوی روبەڕوی وڵاتبووەتەوە.

کەمکردنەوەی بڕی ئاوی بەردراوە بۆ روباری فوڕات کێشەی بۆە بەرهەمهێنانی کارەبا و کەرتی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی عێراق و سوریا دروستکردووە و دانیشتوان و جوتیارانی روبەڕووی چەندین گرفت کردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر و چەندین جار وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشکرایکردووە، بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون و راشکاو بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە ئاوەی پێویستە بگاتە سنوری نێوان عێراق- تورکیا، ئاماژەی بەوەشداوە، کە پێویستە لەگەڵ سوریاشدا رێککەوتن بکەن.

نهر الفرات من الجانب العراقي(فرانس برس)

نهر الفرات (فرانس برس)

نهر الفرات من الناحية السورية (istock)