سەردێڕ:

پەیامێکی هەڕەشە ئامێز لە کەتائیبی حزبوڵای عێراقەوە بۆ حکومەتی عێراق

فۆتۆ: 
2021-05-23

8972 جار خوێندراوەتەوە

کەتائیبی حزبوڵای عێراقی لە راگەیەنراوێکدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ‌هێرشی سەربازی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "ئیدارەی ئەمریکا جگە لە زمانی زەبر و هێز لە زمانی گفتوگۆ تێناگات."


گروپی چەکداری کەتائیبی حزبوڵای عێراقی رایگەیاند، هێزەکانیان هەلی زۆریان بە حکومەتی عێراق داوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکەکاندا، هاوکات، گفتوگۆی ستراتیجی نیوان ئەمریکا و حکومەتی عێراقییان بە خراپ ناوزەندکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراویان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان دەستنیشان نەکردووە و هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە، باسی لەوەشکردووە، ئەو هۆکارانە وانیشاندەدەن حکومەت راستگۆنییە و ناتوانێت فشاریان لێبکات بکشێنەوە.

کەتائیبی حزبوڵای عێراق ئاشکراشیکردووە، "ئیدارەی ئەمریکا جگە لە زمانی زەبر و هێز لە زمانی گفتوگۆ تێناگات."

راشیگەیاندووە، "هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە وڵات و هێرشەکانمان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاتر دەکەین."

هێرشەکردنە سەر دامەزراوە حکومی و شوێنە دیبلۆماسییەکان لە عێراق، چەندین جار روویانداوە و تیایدا زۆربەی کات ئەو شوێنانە دەکرێنە ئامانج کە نێردە بیانییەکان و بەتایبەتیش هێزەکانی ئەمریکای تێدایە.