ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق، لەرۆژانی داهاتوودا گەنگەشەی پرسی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق و رێگریکردن لە ساختەکاری دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، عەبدولحسێن هەنداوی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان، بە میدیای فەرمی وڵاتی راگەیاند، تایبەت بە پرسی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵات 'سێ جار' داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە.
لەبارەی وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە، عەبدولحسێن هەنداوی ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گفتوگۆی داواکارییەکەی حکومەتی عێراق دەکات و پێشبینیش دەکات، وەڵامێکی ئەرێنی وەربگرێت.
عەبدولحسێن هەنداوی باسی لەوەشکرد، چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سەروەری حکومەتی عێراقی نابێت و لیژنەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێکاری راستەوخۆی پرۆسەکەیە نەک حکومەتی عێراقی.
رۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سولرون گیشلادۆتیری وەک نوێنەری تایبەتی ئەو رێکخراوەی بۆ کاروباری سیاسی و بەرپرسی دۆسییەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستنیشانکرد.
هاوکات، لە رۆژی ١٧ی ئاداریشدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرایکرد، بانگێشتنامەیان بۆ ٧٥ باڵیۆزخانەی عەرەبی و بیانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناردووە بە ئامانجی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە تەواو پاک و شەفافانە بەڕێوەبچێت.