فۆتۆ:
2021-05-21
5558 جار خوێندراوەتەوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبارەی چەند پرسێکەوە راپۆرتێکی شیکاری ئەنجامداوە و دەڵێت، پرسی هەژموون و کاریگەری ئێران بەسەر جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانی عێراقەوە، ماوەی چەنیدن ساڵە بووەتە باس و خواسی میدیا و دەزگا و ناوەندە ئەکادمییەکان و تەنانەت حکومەتی وڵاتان بەتایبەتیش هۆشداریان لەو بارەیەوە داوە.
لەراپۆرتێکیدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەک کۆمەڵ و گرووپی نهێنی، لەماوەی ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە لەسەر فڕۆکەی بێ فرۆکەوان، چاودێریکردن، بڵاوکردنەوەی بانگەشەی هەمجەرۆ لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هەروەها چۆنییەتی دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی ئێرانیدا، مەشقییان پێکراوە.
لە راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئەوەش هاتووە، ئێران سەدان کادریی سەربازیی متمانەپێکراوی خۆی رەوانەی عێراق کردووە و لە ناو هێزە جیاوازە سەربازییەکانی عێراقدا، بە ئامانجی سەرپەرشتیکردنی گروپی بچوکی میلیشیاییدا جێی کردوونەتەوە، ئەمەش لەپێناوی کەمکردنەوەی هێز و سەربەخۆیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بەهێزکردنی هەژموونی خۆی و بەکارهێنانیان لەپێناو ئامانجە جۆربەجۆرەکانی خۆیدا.
لەبارەی چالاکی و ئامانجی ئەم گرووپە نهێنییانەی سەر بە ئێرانەوە، ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی ئەمنی، سەرکردەی گروپە میلیشیاکان، دیپلۆماتکارە رۆژئاواییەکان و چاوگە سەربازییەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەم گرووپە نهێنیانە بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و ناوچەکە.
راپۆرتەکە کات و هۆکاری گرتنەبەری ئەم تاکتیکە نوێیەی ئێرانی ئاشكراکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئێران هەستاوە بە گرتنەبەری ئەم تاکتیکە نوێیە و پاشەکشە نوێیەی کە لە هەژموونی ئێران لە عێراقدا بەهۆی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لەدژی هەژموونی ئێران هاتەکایەوە و کوژرانی قاسم سولەیمانی کەسی یەکەمی سوپای قودسی ئێرانی، لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەپاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئیسماعیل قائانی شوێنگرەوەی سولەیمانی، هاوشێوەی ئەو ناتوانێت هەژموون و کاریگەری ئێران بەسەر گرووپە میلیشایەکانی عێراقدا بسەپێنێت و ئەمەش وایکردووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە کارێکی ئاسان نەبێت بەجۆرێک لەپاش نەمانی قاسم سولەیمانی لە گۆڕەپانەکەدا، ئەو گروپانە دووچاری دابەشبوون بوونەتەوە.
تایبەت بە گروپە نهێنییەکان، بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق بۆ رۆیتەرز ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەم گروپە نهێنییە نوێیانە، پەیوەندی راستەوخۆیان بە سوپای فەیلەقی قودسی ئێرانەوە هەیە و لە سوپای قودسەوە تەواوی فەرمان و رێکارەکانی کارکردنیان وەردەگرن و لایەنی عێراقی، توانای دەستێوەردانی لە کاروباریاندا نییە."
هەر لە چوارچێوەی راپۆرتەکەشدا، بەرپرسانی ئەمنی عێراق جەختییان لەوەکردووەتەوە، کە لەساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٥٠ چەکدار بۆ ماوەی مانگێک چوونەتە لوبنان و لەو ماوەیەشدا، لەلایەن فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و کۆمەڵەی 'حزب اللـە'ی لوبنانەوە، مەشق و راهێنانیان پێکراوە و مەشقەکانیش کردنەئامانجی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، موشەک، چاندنی بۆمب و هەروەها شێوازەکانی هێرشکردن و بڵاوکردنەوەی بانگەشەی جۆراوجۆر لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەخۆدەگرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتەکەیدا تایبەت بە سەرنج و زانیارییەکانیان لەسەر ئەم پرسە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ یەکێک لە بەرپرسانی ئێرانی و نوێنەرانی عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هەروەها سوپای ئەمریکاش لێدوانیان لەسەر زانیارییەکان نەخستووەتەڕوو، تایبەت بە هەمان پرسیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ رۆیتەرز ئەوەی وتوە، "ناتوانن هیچ سەرنجێک لەسەر ئەو پرسە باسبکەن."
نەورەس غەریب