سەردێڕ:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: پێویست ناکات هەولێر لەسەر پشکی هەرێم شاند بنێرێتە بەغدا

فۆتۆ: 
2021-05-21

7572 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلمانی عێراق رایگەیاند، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بەناردنی شاندی تەکنیکی نییه بۆ بەغدا لەسەر پرسی بودجە، چونکە ئەم پرسە بەشێوەیەکی روون لە یاسای گشتی بودجە باسکراوە و باشتر وایه راستەوخۆ داهاتی خۆیان رادەستبکەن بۆئەوەی لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بنێردرێت، دەشڵێت، پێویست ناکات هەولێر لەسەر پشکی هەرێم شاند بنێرێتە بەغدا.


مونا غەرابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، پرسی بەشە بودجەی هەرێم روون و ئاشکرایە و هەر گفتوگۆیەکیش لەدەرەوەی مەرجی یاسای بودجەی گشتی ئەنجام بدرێت بەتوند ترین شێوە رەتدەکرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق وتیشی، "بەڵێنی بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئامادەییان بۆ رادەستکردنی داهات کۆن و دووبارە و کاتکوشتنە، ئێمەش سیناریۆی ساڵانی رابردوو رەتدەکەینەوە."

مونا غەرابی باسی لەوەشکرد، حەزێنەی دەوڵەت موڵکی هیچ حکومەت و بەرپرسێکی حزبی نییه، بەڵکو موڵکی هەموو گەلی عێراقە، پارێزگاکانی وەبەرهێنەری نەوت مافی ئەوەیان هەیه پارێزگاری لە پشکی خەڵکەکەی بکەن، هەر بۆیە رازیکردنی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی پشکی شارەکانی دیکە مایەی قبوڵکردن نییه.

ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان نین، بەڵام پێویسته بەرپرسانی هەرێم بەئاگا ببنەوە کەوا چیتر دزینی داهاتی کوردستان و داواکردنی پارە لەسەر حسابی پشکی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە رابردوودایە  و دووبارەش نابێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بڕیارە شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات.

پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.