سەردێڕ:

دوو سەرکردەی داعش لە دیالە کوژران

فۆتۆ: 
2021-05-21

798 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کوژرانی دوو بەناو سەرکردەی داعشی لە پارێزگای دیالە راگەیاند.


لە راگه‌یاندراوێكدا، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی دژە تیرۆر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی جۆری، بە هاوکاری هێزی ئاسمانی عێراقى، توانییان دوو سەرکردەی داعش کە رۆڵی بەرچاویان لەناو رێکخراوەکەدا هەبووە بکوژن.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو دوو بە ناو سەرکردەیە بەرپرسبوون لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی کە هاووڵاتیانی تیادا بووەتە قوربانی".

بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە ١٠ هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمرکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە چەکدارییە بە ١٤ تا ١٦ هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا دەخەمڵێنن.

 

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.