سەردێڕ:

ئایا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کورتهێنانی بودجەی عێراق کەم دەکاتەوە؟

وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵام دەداتەوە
فۆتۆ: 
2021-05-21

3739 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادبوونی داهات و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و دانەوەی قەرزەکان.


عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی پێشبینی ئەوان چاوەروان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، نرخی نەوت بچێتە سەروو ٧٠ دۆلارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق پشت دەبەستێت بە نرخی مانگانەی نەوت، ئەوەش لە سەرەتای هەموو مانگێک کۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر دەکرێت، بە مەبەستی پێداچوونەوەی بازارەکانی نەوت و پەسەندکردنی نرخی نەوت بۆ ئەو مانگە.

عاسم جیهاد دەشڵێت، وەزارەتی نەوت کاردەکات لەسەر زیادکردنی داهاتە نەوتییەکان و لە ئێستاشدا عێراق سی جۆر لە نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، کە لە هەموو جۆرە نەوتەکانی دیکە داهاتیان زیاترە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی نەوت باسی لەوەکرد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبیتە هۆی زیادبوونی داهات و کەمبوونەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراق کەڵەکە بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بودجەی گشتی عێراق نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە، بەڵام لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا دەکرێت کورتهێنانەکە کەمبکرێتەوە، سەرەڕای کورتهێنان لە بودجەدا بەڵام حکومەتی عێراق دەستکاری موچەی فەرمانبەرانی نەکردووە، پێچەوانەی حکومەتی هەرێم کە بە لێبڕینی ٢١٪ەوە موچە دابەشدەکات.